راچڵەكین-
رۆدریگۆ دوتێرتی، سەرۆكی پێشووی فلپین لەسەر داوای دادگای باڵای نێودەوڵەتی تاوانەكان و بەتۆمەتی كوشتنی هەزاران كەس لە چوارچێوەی پرۆسەی " ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان" لەو كاتەی سەرۆكی ئەو وڵاتە بووە، دەستگیركرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 11-3-2025 بەرپرسی نووسینگەكەی دوتێرتی بە رۆیتەرز-ی راگەیاندووە، سەرۆكی پێشووی فلپین دوای گەیشتنی لە هۆنگ كۆنگ-ەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانێلا، راستەوخۆ دەستگیركراوە.
ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرو كوشتنی هەزارانیان، یەكێك بوو لەدروشمە سەرەكییەكانی رۆدریگۆ دوتێرتی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فلپین، هەر ئەوەش وایكرد ساڵی 2016 تا 2022 پۆستی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە لەئەستۆ بگرێت.
پێشتر دوتێرتی، لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون ئاماژەی بەوەكردبوو، بەهێزەكانی پۆلیسی راگەیاندووە، هەر بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر رووبەڕوویان بوەوە، بیكوژن. ئاماژەی بەوەشكردبوو:" ئامادەیە لەناو زینداندا بڕزێت، بەو مەرجەی فلپین لە ماددەی هۆشبەر دابماڵرێت."
ئەگەر بێتو رۆدریگۆ دوتێرتی، بگوێزرێتەوە بۆ لاهای بەمەبەستی دادگاییكردن، ئەوا دەبێتە یەكەم سەرۆكی پێشووی وڵاتێكی ئاسیایی كە دەچێتە بەردەم دادگای باڵای نێودەوڵەتی تاوانەكان.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی پۆلیسی فلپین بڵاوی كردوونەتەوە، لەماوەی دەسەڵاتی دوتێرتی-دا، لەڕووبەڕووبوونەوەكانیان لەگەڵ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر نزیكەی 6 هەزارو 200 كەس كوژراون. بەڵام چالاكوانان ئاماری جیاوازتر دەخەنەڕوو، هاوكات داواكاری گشتی لەلاهای ئاماژەی بەوەكردووە، لەماوەی دەسەڵاتی سەرۆكی پێشووی فلپین-دا نزیكەی 30 هەزار بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لەلایەن پۆلیس یاخود كەسانی نەناسراوەوە كوژراون.