ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لەبارەی رێكەوتنی نێوان هەسەدەو دەسەڵاتی سوریا ئاشكرا دەكات

جیهان

7 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 185

راچڵەكین-

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و دەسەڵاتدارییەتیی كاتی سووریا كرد.
 
ماركۆ روبیۆ، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: "ئەمریكا پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكات كە بەم دواییە لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و دەسەڵاتی كاتی سووریا راگەیەندرا بۆ تێكەڵكردنی باكووری رۆژهەڵات بۆ نێو سووریایەكی یەكگرتوو".
  
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت:" ئێمە لە نزیكەوە چاودێریی ئەو بڕیارانە دەكەین كە لەلایەن دەسەڵاتدارییەتیی كاتی سووریا دراون بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەكانمان سەبارەت بە تووندوتیژییە خوێناوییەكەی ئەمدواییە لە دژی پێكهاتەكان".

رۆژی دووشەممە 10-3-2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆككۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێككەوتنێكیان واژۆ كرد. 
 
رێككەوتنەكە لە هەشت خاڵ پێكدێت؛ بەگوێرەی رێككەوتنەكە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێك لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا، گەرەنتی كردنی مافی هەموو سوورییەكان لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسیدا، دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونی كوردان دەكات و هەموو مافە دەستورییەكانی بۆ دابین دەكات، تێكەڵكردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا(رۆژئاوای كوردستان) لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەكان بۆ شارۆچكە و گوندەكانیان و دابینكردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوەو، لیژنە جێبەجێكارەكان كار دەكەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە شێوەیەك كە لە كۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن