ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند پرسێك تاوتوێ دەكات

کوردستان

7 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 130

راچڵەكین-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوەو چەند پرسێك تاوتوێ دەكات بەڵام پرسی موچەی فەرمانبەران لە تەوەری كۆبونەوەكەدا نییە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی 3ی 2025 ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و سێ بڕگە تاوتوێ دەكات.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تەرخانكراوە بۆ قسەكردن لەسەر دواپێشهاتی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان سەبارەت بە هەوڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەخرێتە ڕوو.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی دوو پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەبارەی لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی ئەو كەمئەندامانەی كە پێش ساڵی 2013 وەریان گرتووە، هەروەها ڕاپۆرتی سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووكەكانی لاوان سەبارەت بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 100% یان 50% لە قیستەكانی ماوە بۆ سوودمەندانی كۆچكردوو دەخرێتە ڕوو.

تەوەری كۆتایی كۆبوونەوەكەش دیاریكردنی رۆژەكانی پشوو، بۆنە فەرمییەكانە لە رۆژژمێری حكومەتی هەرێم.

هەرچەندە ئەمڕۆ 12ی ئادارەو هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی شوبات-یان وەرنەگرتووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هیچ قسەیەك لەسەر مووچەی فەرمانبەران و هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە ناكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن