وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر نامەکەی ترەمپ بۆ خامنەیی دێتە دەنگ

جیهان

12/03/2025     ژمارەی بینراو 310

راچڵەکین-

عەباس عراقچی رایگەیاند، تا ئێستا ئێران نامەکەی دۆناڵد ترەمپی پێنەگەیشتووە و بڕیارە نوێنەری وڵاتێکی عەرەبی لە تاران بیگەیەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی نامەکەی ترەمپەوە بۆ خامنەیی رایگەیاند، "نامەکە نوسراوە و هێشتا پێمان نەگەیشتووە"، عراقچی ناوی ئەو وڵاتە عەرەبییەی نەهێناوە کە نامەکەی هەڵگرتووە، لە ساڵانی رابردوودا هەریەک لە وڵاتانی قەتەڕ و عومان رۆڵی نێوەندگیرییان لە ناکۆکییەکانی پەیوەست بە ئێراندا بینیوە.

زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە نامەیەکم بۆ خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی نووسیوە و بانگهێشتم کردووە بۆ دانوستان.

لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە کە رێگری لە ئێران دەکات کە چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، بەڵام پێی باشترە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن.

رۆژێک دوای راگەیاندنی نامەکەی ترەمپ، ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وتارێکدا وتی: هەندێک لە حکومەتە چەوسێنەرەکان پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن، بەڵام نەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵکو بۆ زاڵبوونی خۆیان دانوستانیان دەوێت بۆئەوەی ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بسەپێندرێت بەسەر لایەنی بەرامبەریاندا".

پێشتریش لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا، سەرکردەکانی ئەمریکا و ئێران شەش جار نامەیان ئاڵوگۆڕ کردووە، کە ئەمریکا چوار نامە و کۆماری ئیسلامیش دوو نامەی پێگەیشتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن