راچڵەكین-
بەپێی بڕیاری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بۆ لەمەودوا یاسای ڕۆژنامەنووسی 2007 پیادە دەكرێت.
بەپێی فەرمانێكی دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بۆ لەمەودوا یاسای ڕۆژنامەنووسی 2007 پیادە دەكرێت و دادوەری تایبەت دەبێت بە كەیسی رۆژنامەنووسان.
دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە نوسراوێك فەرمانێكی كارگێڕی دەردووەو دوو بڕیاری لەبارەی رۆژنامەنووسان و كەیسەكانی رۆژنامەنووسانەوە دەركردتیایدا هاتووە"لەبەر بەرژەوەندی گشتی و باشتر راپەڕاندنی كارەكان بڕیارماندا بە:
یەكەم: دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سكاڵایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی وە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت.
دووەم: سەرجەم داواكانی سەرەوە لە دوای كۆتایی هاتنی قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە، هەواڵەی دادگای كەتنی سلێمانی/6 دەكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەیان.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەم فەرمانە لە بەرواری دەرچوونیەوە كاری پێدەكرێت.
یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ـی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان دەڵێت:
یەكەم: رۆژنامەگەری ئازادە و هیچ سانسۆرێكی لەسەرنییە و ئازادیی دەربڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستە بەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتیەكانی تاكەكان، تایبەتمەندیی ژیانیان بەپێی یاسا پابەند بوون بە ئیتیكی رۆژنامەگەری بەپێی بەلێننامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان (ساڵی 1954 هەمواركراو)
دووەم: رۆژنامەنووس بۆی هەیە لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە هەر زانیارییەك كە بایەخی بۆ هاوڵاتیان هەبێت و پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی گشتیەوە بێت وەدەست بێنێت بەپێی یاسا.
سێیەم: سەبارەت بەو داواكارییانەی دەخرێنە بەردەم دادگا رۆژنامەنووس بۆی هەیە سەرچاوەی زانیاری، یان ئەو هەواڵانەی كە بەدەستیان دینێ نهێنیان بپارێزێ، مەگەر دادگای تایبەتمەند بە پێچەوانە بڕیار بدا.
چوارەم: هەر كەسێكی سروشتی یا مەعنەوی مافی خاوەندارێتیی رۆژنامەی هەیە و دەتوانێ بە پێی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەری بكا.
پێنجەم: رۆژنامە قەدەغە ناكرێ و دەستی بەسەردا ناگیرێت.