راچڵەكین -
قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا لەپێناو پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی، رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بكرێت و هاوردەكردنی سەوزەو میوەش بەپێی خواست و پێویستی بازاڕ كراوە دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی، دوو كۆبوونەوە بەڕێوەچوو بەمەبەستی دانانی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەرهەمەكانی سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ كرا لەسەر میكانیزمەكانی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەم و بەروبومی ناوخۆیی و هاوردەكراودا، بە جۆرێك كە خواستی هاوڵاتیان و پێداویستی بازاڕ پڕبكاتەوە، هاوكات رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بكرێت، و گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
لە كۆبوونەوەی یەكەمدا، بڕیاردرا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕدا پشت بە مریشك و هێلكەی پرۆژەكانی ناوخۆ ببەسترێت، لەبەرئەوەی بەرهەمی پرۆژەكانی ناوخۆی مریشك و هێلكە لە وەرزی بەهاردا بە رێژەیەكی بەرز بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها لە چوارچێوەی بڕیارو رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێگە بە هاوردەكردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەكردنیان لەمانگی سێ دا كراوە دەبێت.
لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی بچوك لە ناوخۆدا، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد كە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بكرێت بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، لەبەرئەوەی لەئێستادا خواستی هاوڵاتیان لە سەر بەكارهێنانی گۆشتی سوور زیادیكردووە، ئەم قەدەغەكردنەش دەبێتە هەنگاوێك بۆ رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕدا.
لە كۆبوونەوەی دووەمدا، باس لەو هەنگاوانە كرا كە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزەو میوەی ناوخۆ و هاوردەكراودا كە لەم وەرزەدا بەرهەمەكانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێنەگەیشتوون، بۆیە رێگە دەدرێت هاوردەكردنی چەند جۆرێك سەوزەو میوە بەپێی پێویست كراوە بێت، بە مەرجێك بەشێوەیەكی تەندروست و لەژێر چاودێریدا هاوردە بكرێت.
قائیمقامی سلێمانی جەختی لەسەر قەدەغەی هاوردەكردن و ساغكردنەوەی فاسۆلیای تەڕ كرد، كە لە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەك تێیدا هاوردەكردنی راگیراوە، هەر بۆیە لیژنەهاوبەشەكانی راسپارد لە هەر شوێنێكی میوە فرۆشیدا بینرا، دەستبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.
