راچڵەكین -
سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا واژۆ لەسەر رەشنووسی جاڕنامەی دەستوری وڵاتەكەی دەكات كە لەلایەن كۆمیتەی دەستوورییەوە ئامادەكراوە، ناوی دەوڵەتیش بە كۆماری عەرەبی سوریا دەمێنێتەوە و وڵاتەكەش بۆماوەی پێنج ساڵ لە قۆناغی راگوزەردا دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد شەرع، واژۆی لەسەر جاڕنامەی رەشنووسی دەستوری كاتیی سوریا كرد كە تێیدا قۆناغی راگوزەری وڵاتەكە بە پێنج ساڵ دیاری كراوە.
بەگوێرەی رەشنوسی جاڕنامەكە، ناوی وڵاتەكە وەك كۆماری عەرەبی سوریا دەمێنێتەوەو ئیسلامیش وەك ئاینی سەرۆكی دەوڵەت دیاریكراوە، لەگەڵ هێشتنەوەی فیقهی ئیسلامی، وەك سەرچاوەی سەرەكی یاسادانان لە وڵات.
لە جاڕنامەكەدا دادگای دەستووری سوریا هەڵوەشێنراوەتەوە، بەوپێیەی ئەندامەكانی لە پاشماوەی رژێمی پێشوو بوون، ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی دانانی ئەندامانی نوێی دادگاكەی دەبێت بەهەمان یاسای پێشوو، تا ئەوكاتەی یاسایەكی نوێی بۆ دەردەچێت.
لە بڕگەیەكی دیكەی جاڕنامەكەدا، جەخت لەسەر دەستەبەركردنی ئازادییە سەرەتاییەكان بۆ هاووڵاتیان كراوەتەوە، وەك ئازادی بیروڕاو رادەربڕین، رۆژنامەگەری، راگەیاندن و بڵاوكردنەوە، هەروەها دان بە مافی خاوەندارێتی موڵك و مافەكانی ژنان دەنرێت، بۆ بەشداریكردن لە كارو خوێندن.
لە رەشنوسی دەستوری نوێی سوریادا هاتووە، ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان) دەسەڵاتی لابردن و دەركردنی سەرۆك كۆماری لە پۆستەكەی، یاخود كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەیە.