ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یانەی ڕیال مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، فێرلاند مێندی یاریزانی فەرەنسی لە قاچی چەپیدا تووشی پێکان بووە، هەروەها بۆ ماوەی داهاتوو لە تیپەکە ئامادە نابێت.
مێندی لە یارییەکەی شەوی چوارشەممەدا لە دێربی مەدرید بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید تووشی پێکان بوو و بە ناچاری لە یاریگا چووە دەرەوە، دواتر یانەکەی بە لێدانی یەکلاکەرەوە بە ئەنجامی 4-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ مێندی لە یانەی شاهانە پشکنینی پزیشکی بۆ کراوە سەبارەت بە پێکانەکەی، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی یانەی ڕیال مەدرید، دەرکەوتووە کە تووشی پێکانێکی ماسولکەیی لە بڕبڕەی ئەژنۆیدا هەیە.
یانەی ڕیال مەدرید ماوەی ئامادەنەبوونی مێندی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لانیکەم بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە و ئەگەری هەیە بۆ ماوەی مانگێک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.