بهكتریای گهده
ڕاچڵهكین-
نوێترین زانیاری کە لە گۆڤاری پزیشکی NEJM لهبارهی بهكتریای گهده بڵاوکراوەتەوە، دكتۆر هەرێم پسپۆری نەخۆشیەکانی هەناوی و دڵ و شەکرە لهم بابهتهدا باسی دهكات و ڕونكردنهوهی تهواوی لهسهر دهدات.
بهكتریای گهده نەخۆشیەکی بەربڵاوە لە سەرتاسەری جیھاندا بەڵام ڕێژەکەی لە ووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی تر دەگۆڕێت و بۆ چەند دەیەی دوایی ڕووی لە ھەڵکشانە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لە گروپی یەکەمی ( group A )ھۆکارە پاڵنەرەکانی شێرپەنجە دایناوە و بە گوێرەی توێژینەوەیەک لە ژاپۆن ئهنجامدراوه بۆ ماوەی تێکڕای ٧.٨ ساڵ چاوەدێری نەخۆشەکان کراوە، ٢.٩٪ شێرپەنجەی گەدە تۆمارکراوە لەو کەسانەی نیشانەکانی بەدھەرسی یان قورحەیان ھەبووە لەگەڵ بەکتریای گەدە لەھەمان کاتدا، بەرامبەر بە سفر لەو کەسانەی کە بەکتریاکەیان نەبووە و ساڵانە نزیکەی ١.٥ ملیۆن کەس چارەسەر وەردەگرن لەو ووڵاتە.
پێویستە کێ پشکنینی بەکتریای گەدە بکات :
1-کەسانێک برینی (قورحە) دوانزە گرێی و(گەدە) ھەبێت.
2-دەرمانی ئەسپرین و گروپی NSAID بەکاربھێنێت بۆ ماوەیەکی درێژ .
3-کەمخوێنی ئاسن کە ھۆکارەکەی نەزانراو بێت.
4-دابەزینی خەپلەی خوێنی ھەبێت بەھۆی تێکچوونی بەرگری لەشەوە ITP .
5-گرێی لیمفاوی ناوپۆشی گەدەی ھەبێت MALTomas
6-بەدھەرسی ھەبێت لە شێوەی بەردەوامی ئازاری سەر گەدە وھێڵنج و دڵ تێکھەڵاتن،قرقێنەی زۆر ، سک ھاڵاوسان و باش ھەرس نەکردن ، کەمبوونەوەی حەزی خواردن لە کەسانی خوار تەمەنی ٦٠ ساڵاندا بەمەرجێک نیشانەی مەترسی داری نەبێت وەک ( کێش دابەزین ،خوێن دانیشتن لەگەڵ پیسایی ،ڕشانەوەی بەردەوام ، ئازاری توندی ناوسک ،قوتدانی بەئازار ، سەرو تەمەن ٦٠ ساڵان ).
چۆنیهتی دەست نیشانکردنی نەخۆشیەکە :
1- پشکنینی پیسایی H-pylori stool Antigen:
ڕادەی ووردی لە دیاریکردنی بەکتریاکە لە دەوری ٩٢٪ و ھەروەھا بەکاردێت بۆ زانینی بنبڕبوونی بەکتریاکە لە دوای بەکارھێنانی چارەسەر.
2- لە ڕێی ھەناسەوە Urea breath test:
ووردی لە دیاریکردنی بەکتریاکە لە دەوری ٩٥٪.
3- پشکنینی شانەیی لەکاتی ھەناوبیندا و وەرگرتنی نموونە کە ڕادەی ووردی لە دیاریکردنی بەکتریاکە لەسەرو ٩٥٪ .
4- پشکنینی خوێن: پێشنیار کراوە چیتر بەکار نەھێنرێت بۆ دەستنیشان کردن و بنبڕکردنی بەکتریاکە چونکی ووردی لە دەوری ٨٠٪ و دژە تەنەکە بۆ چەندین ساڵ لە خوێندا دەمێنێتەوە.
چارەسەر :
سێ تا چوار جۆر دەرمانی جیاواز بەکاردەھێنرێت بۆ ماوەی ١٠-١٤ ڕۆژ بە گوێرەی ھەستیاری نەخۆشەکە و کاریگەری دەرمانەکان و ئەگەری دروست بوونی دژە بەرگری، پاشان لە دوای یەک مانگ لە تەواوبوونی چارەسەرەکان شیکاریەکە بەتایبەت لە ڕێگەی پیساییەوە دووبارە دەکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بنبڕبوونی لە لایەن پزیشکی پسپۆڕ و لەژێر چاودێریدا.
ڕێگاکانی گواستنەوە:
-خواردن و خوادنەوەی پیس بوو بە میکرۆبەکە.
- بەرکەوتنی کەسی تووشبوو لە ڕێی بەکارھێنانی پێداویستیە تایبەتەکانی یەکتر.
- گەڕەکە ھەژار نشین و بێ خزمەت گوزاریەکان.
-خێزانە گەورە و قەرەباڵغەکان.
- نەبوونی ھۆشیاری تەندروستی و ڕەچاونەکردنی ڕێنمایەکان.