راچڵەكین-
سەرۆكایەتی سوریا سەركۆناەی هێرشە ئاسمانییەكەی سوپای ئیسرائیلی كرد لە نزیك كۆشكی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەو بە پێشهاتێكی مەترسیدار وەسفی دەكات.
ئەمڕۆ هەیینی 2ی ئایاری 2025 سەرۆكایەتی كۆماری سووریا ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی ئیسرائیل لەنزیك كۆشكی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێرشەكە پێشهاتێكی مەترسیدارە دژ بە دامەزراوەكان و شكۆی دەوڵەت.
ئەوەش روونكراوەتەوە، سووریا لەبەرامبەر شكۆ و ئاسایشی خۆیدا، بەرگریی لە مافی گەلەكەی دەكات بەهەموو جۆرێك. هاوكات داوای لە هەموو لایەنەكان كرد، پابەند بن بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەچوارچێوەی یەكپارچەیی خاكی نیشتمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەكانی دروستكردنی ئاژاوە.
پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ- سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویكردبوەوە، سوپای وڵاتەكەی هێرشی كردووەتە سەر ئامانجێك لە نزیك كۆشكی سەرۆكایەتی سوریا.
ناتانیاهۆو یسرائیل كاتس-ی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئاماژەیان بەوەكردووە:" ئەو هێرشە پەیامێكی روون و ئاشكرایە بۆ رژێمی سوریا، كە هەرجۆرە بڵاوكردنەوەی هێزێك لە باشوری دیمەشق و دروستكردنی هەڕەشە لە دروزەكان، جێی قبوڵكردن نییە و هێرشیان دەكرێتەسەر."