ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی چاوەڕێی بڕیاری چابی ئەلۆنسۆی ئیسپانی دەکات، کە نزیکە لە وەرگرتنی پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەی ڕیال مەدرید، سەبارەت بە داهاتووی یانەکە، چونکە چاوی لە دووبارە بونیادنانەوەی پێکهاتەکەیەتی.
ئەلۆنسۆ لە لێواری واژۆکردنی گرێبەستی ڕاهێنەرایەتی یانەی ڕیال مەدریددایە و شوێنی کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی دەگرێتەوە کە لە کۆتا ڕۆژەکانیدایە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
یانە ئینگلیزییەکە چاوی لەسەر یەکێک لەو یاریزانانەیە کە بارودۆخی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید بەهۆی ململانێکانی ئەم دواییەدا تووشی کێشە بووە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ دەستەبەرکردنی گرێبەستەکەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
تۆڕی ڕیلێڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ دەیەوێت هێڵی هێرشبەری بەهێزتر بکات بە گواستنەوەی ڕۆدریگۆ گۆسی باڵی بەڕازیلی لە ڕیال مەدریدەوە، هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە یانە ئینگلیزییەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرسیاری لە ڕیال مەدرید کردووە سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ئەو یاریزانە.
ڕێلیڤۆ ڕوونیشیکردەوە، ڕۆدریگۆ کراوەیە بەرامبەر بە بیرۆکەی ڕۆیشتن، بەڵام بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی خۆی نادات تا ئەوکاتەی لەگەڵ ئەلۆنسۆ کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ڕۆڵی خۆی لە تیپەکەدا دیاری بکات. پاشان بە پشتبەستن بەو شتانەی لە ڕاهێنەرە نوێیەکە فێری دەبێت، ئارەزووی خۆی ڕادەگەیەنێت.
ئارسیناڵ دەبێت بڕە پارەیەک ئامادە بکات کە بگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەوەی واژۆی ڕۆدریگۆ لە یانەی شاهانە وەربگرێت.