راچڵەكین-
وابڕیارە بەمنزیكانە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق سەردانی شاری كەركوك بكات. پارێزگاری شارەكەش دەڵێت :" سودانی بەردی بناخەی كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ و پاڵاوگەیەك دادەنێت."
ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی ئایاری 2025 رێبوار تەها، پارێزگاری كەركووك لەبارەی سەردانەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند، بە تەواوی دۆخی ئێستای كەركووك و ئیدارەكەی بۆ باسكردووە:" كۆمەڵێك داواكاری و پڕۆژەم پێشكەشی محەممەد شیاع سوودانی كردەوە كە ''رەزامەندی لەسەر سەرجەمیان دەربڕیوە''.
وتیشی:"بانگهێشتی سەرۆكوەزیرانم كرد سەردانی كەركووك بكات، قبووڵی كرد و لە ماوەیەكی كورتدا سەردانەكە دەكرێت، چەند پڕۆژەیەك بەسەر دەكاتەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەك پڕۆژەی گرنگ دادەنێت كە خۆیان لە رێگەوبان، پرد و نەوت و گازدا دەبیننەوە." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
پارێزگاری كەركووك، ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەسەردانەكەیدا بۆ كەركوك بەردی بناغەی پاڵاوگەیەكیش دادەنێت كە پێشتر گرێبەستەكەی واژۆ كراوە، ''توانای پاڵاوتنی رۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و هەلیكار بۆ دوو هەزار و 500 گەنج دەڕەخسێنێت.''
رێبوار تەها لەبارەی وادەی سەردانەكەی سوودانی ووتی:" رۆژێك دیاری نەكراوە، بەڵكو بەو شێوەیە رێككەوتین كە لە مانگی پێنجدا سەردانەكەی بكات. یەكەم جار بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بێتە كەركووك، بەڵام دواتر پێی باش بوو بخرێتە دوای لووتكەی عەرەبی كە 17ـی مانگ لە بەغدا دەكرێت''.