فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی مۆبایل لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

مەڵتی میدیا

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 153

راچڵەكین-

فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی مۆبایل بە مەراسیمی فەرشی سور، لە سیتی سینەمای سلێمانی بەڕێوەدەچێت كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئایاری 2025 بە مەراسیمی فەرشی سور، فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی مۆبایل لە سیتی سینەمای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

كۆڤان حسێن ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی مۆبایل بە ماڵپەری فەرمی یەكێتی راگەیاندووە:" فێستیڤاڵەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و 25 فیلم كە سەرجەمیان بە مۆبایل بەرهەمهێنراون كێبڕكێ بۆ بردنەوەی 10 خەڵات دەكەن، وەك باشترین ئەكتەری كوڕ و باشترین ئەكتەری كچ و باشترین سیناریۆ و باشترین وێنەگر و باشترین بەرهەمهێنان."

وتیشی:" لەسەر چەندین پێوەر فیلمەكان بۆ بەشداری لەفێستیڤاڵەكەدا هەڵبژێردراون و مەرجی سەرەكیش ئەوەبووە كە فیلمەكە كوردی بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەڕێگەی فیلمەوە وەك نەتەوەی كورد زیاتر خۆمان بەوڵاتەكانی تر بناسێنین، جگە لەوەی چیرۆك و ناوەڕۆكی فیلمەكان بەجۆرێك هەڵبژێردراون كە باسی چەند بابەتێكی ناو كۆمەڵگەی كوردی دەكەن" 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دادوەران ئاماژەی بەوەشكرد:" لە هەڵسەنگاندنەكاندا رەچاوی ئەوەكراوە كە فیلمەكان بە مۆبایل بەرهەمێنراون و فیلمی درێژ نین، هاوكات ئامانجی سەرەكی فێستیڤاڵەكەش دەستگرتنی ئەو فیلمسازانەیە كە رەنگە بە كۆمەڵێك هۆكار نەیانتوانیبێت تواناكانی خۆیان پیشان بدەن و دەمانەوێت ئەو پەیامەش بگەیەنین دەتوانرێت بە مۆبایل بەرهەمهێنان بكرێت نەك كێشەی پێ دروستبكرێت".

بڕیارە لەڕۆژی یەكەمی فێستیڤاڵەكەدا 13 فیلم و لەڕۆژی دووەمدا 12 فیلم نمایش بكرێن، هاوكات ماوەی 5 مانگە ئامادەكاری بۆ فێستیڤاڵەكە دەكرێت و لە كۆی 100 فیلم كە تایبەت بۆ فێستیڤاڵەكە دروستكراون، 25 فیلم بۆ بەشداریكردن و كێبڕكێ هەڵبژێردراون و بە فلتەری دوو لیژنەدا تێپەڕیون، لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەكان و لیژنەی دادوەران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن