راگەیەندراوێك لە پە.كە.كە وە

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 663

راچڵەكین-

پارتی كرێكارانی كوردستان رایدەگەیەنێت، رۆژانی 5-7ی ئەم مانگە كۆنگرەی 12 هەمینی خۆی لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان-ی رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لەهەرێمی پاراستنی مێدیا ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ هەیینی 9ی ئایاری 2025 پەكەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆنگرەی 12 هەمینی پارتەكە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەكانی كاركردن، لە دوو شوێنی جیاوازدا و بە شێوەی هاوتەریب ئەنجامدرا.
 
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لەكۆنگرەكەدا ئەو دید و پێشنیارانەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان كە پێشكەشی كۆنگرەی كردبوون، خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ كرا. هەروەها ڕاپۆرتی كورتی كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكەش لە كۆنگرەدا خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر كرا."
 
"لەم چوارچێوەیەدا، دوازدەهەمین كۆنگرەی پەكەكە، لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە كارەكانی پەكەكە دەركرد."
 
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" دوازدەهەمین كۆنگرەی پەكەكە، كە لە مانگی ئایار، مانگی شەهیداندا بەڕێوەچوو، یادی هەموو شەهیدانی قارەمانی 52 ساڵی تێكۆشانی مێژوویی بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە كردەوە. بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و هەموو هێزە دیموكراتی و سۆسیالیستەكان كرد كە بە دروستی خاوەندارێتی لە هەموو ئەو بەها نەتەوەیی و دیموكراتییانە بكەن كە لە ئەنجامی 52 ساڵی تێكۆشانی مەزندا، بەتایبەتی لەلایەن شەهیدەكانمانەوە، هاتونەتە ئاراوە و بیانژین و بیانژێنن." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
دوازدەهەمین كۆنگرەی پەكەكە، یادی شەهید سری سورەیا ئۆندەریشی بە ڕێز و پێزانینەوە كردەوە، كە یەكێك بوو لەو كەسانەی زۆرترین ماندووبوونی لە ئامادەكارییەكاندا كێشابوو. بانگەوازی لە هەمووان كرد كە بە هاوكاریی یەكتر كار بكەن بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیی ئەو مرۆڤە بەڕێزە، كە 12 ساڵ هاوڕێیەتیی ڕێبەر ئاپۆی كردبوو.
 
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" زانیاری و بەڵگەنامەی فراوان و ورد سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەكانی دوازدەهەمین كۆنگرەی پەكەكە، دوای یەكخستنی ئەنجامەكانی هەردوو شوێنەكە، لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش دەكرێت."



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن