راچڵەكین -
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی رادەگەیەنێت، كە بڕێكی ماددەی هۆشبەریان پێبووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، كە ئەمڕۆ شەممە 10-5-2025 بڵاوكراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگریی ورد و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی پارێزگای هەولێر، توانرا چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربكرێن.
تۆمەتبارەكان بڕی 10 كیلۆگرام مادەی هۆشبەریان لە جۆری كریستاڵ پێ گیراوە، كە بەنیازبوون لە سلێمانییەوە بیگوازنەوە بۆ پارێزگای دهۆك.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، چوار بازرگانەكە، كە بە فەرمانی دادوەر دەستگیركراون، سێ كەسیان ئێرانین و چوارەمیش دانیشتووی هەرێمی كوردستانە.