عومەر چەلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا
راچڵەكین -
پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا پێشوازی لە بڕیارەكەی پەكەكە بە خۆهەڵوەشاندنەوەو كۆتایی هێنان بە خەباتی چەكداری، دەكات و وتەبێژی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت: بڕیارەكە هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بە ئاڕاستەی توركیایەكی بێ تیرۆر.
عومەر چەلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا (ئاكەپە)، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: دامەزراوە حكومییەكانی توركیا بەشێوەیەكی ورد و مەیدانی، چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پەكەكە دەكات كە لەمیانی بەڕێوەچوونی 12یەمین كۆنگرەی خۆیدا دەریكردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-5-2025، پارتی كرێكارانی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆنگرەی 12یەمینی خۆی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی پەیكەری پەكەكە و كۆتایی خەباتی بە خەباتی چەكداری و چەكدادان.
وتەبێژی ئاكەپە رایگەیاند: بڕیارەكانی پەكەكە، كە لەسەر بانگەوزای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە، خاڵێكی وەرچەرخانەو دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ بە ئاڕاستەی توركیایەكی بێ تیرۆر، هەرەها درەفەت بە ئەنكەرە دەدات بۆ چالاككردنی سەرجەم كەناڵەكانی دیالۆگی سیاسی بۆ پتەوكردنی دیموكراسییەت و ژیانی سیاسی و یەكڕیزیی نیشتمانی لە وڵاتدا.