نا ناوەندێتی بۆ؟

ڕاپۆرت

09/05/2020     ژمارەی بینراو 980

راچڵەكین- كۆچەر عەزیز

( نا ناوەندێتی- لامەركەزی)  ئەو وشەیەی ماوەیەكە بووتە وێردی سەر زارو بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی لەهەرێمی كوردستان پێوەسەرقاڵ بووە، هەرسێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت ئاماژە بەوەدەکەن پشتگیری دەکەن بەڵام بەووتەی خۆیان "بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ یەکە کارگێڕییەکان نەک بۆ لەتکردنی کوردستان."

لە کۆبوونەوەی رۆژی 2020/4/26ی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بە سەرپەرشتی ئازاد محەممەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگرو سکرتێری ئەنجوومەن و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بەڕێوەچوو، داواکاریی بۆ ناناوەندێتی کارگێڕیی و دارایی، کرایە داواکارییەکی فەرمی و لیژنەیەکی کاتیی، کە نوێنەری سەرجەم فراکسیۆنەکانی تێدابێت بۆ پێكهێنرا.

ساڵی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی ناناوەندێتی پەسندكردو داوای پێدانی دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی سلێمانی كرد، دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی كابینەی پێشووی حكومەت، هەندێك دەسەڵاتی بۆ هەموو پارێزگارەكانی كوردستان زیادكرد.

لەئێستادا جارێكی تر ئەو پرسە بەگوڕوتینێكی زیاترەوە هاتووەتەوە پێش و وەك بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی سلێمانی ئاماژەیان پێداوە، هەنگاوەكانی ئەمجارەیان جدییە.

" لامەركەزی بەمانای دوو ئیدارەیی و دابەشكردنی ھەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو بەمانای سەقامگیری و  پتەوتركردنی پایەكانی حوكمرانی ھەرێم دێت"

لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە (ڕاچڵەکین)ی راگەیاند:" لامەرکەزی پرۆژەیەکە دەمێکە خراوەتەروو، لەھەمان کاتدا لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاماژەی پێکراوە، بۆیە لامەرکەزی بەمانای دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو بەمانای سەقامگیری و  پتەوترکردنی پایەکانی حوکمرانی ھەرێم دێت."

لامەرکەزی بەمانای کۆنەبوونەوەی ھەموو دەسەڵاتەکانە لەناوەند و پێدانی کۆمەڵێک دەستەڵاتی ئیداری و داراییە، بۆ یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگاو قەزاو ناحیە، ئەوەش بۆ راییکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رۆتیناتە.


لوقمان وەردی

وەردی دەشڵێت" لامەرکەزی جۆرێک پێشبڕکێ دروستدەکات لە نێوان پارێزگاکان لەسەر بنچینەی خزمەتکردنی زیاتر و کۆکردنەوەی داھاتی زیاتر دڵنیام لەسایەی لامەرکەزی بەرھەمی خۆماڵی زیاددەکات و کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار  زیاتر دەبوژێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد:"لامەرکەزی لە ئێستادا ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان و ھێنانە کایەی ھاوسەنگی و دادپەروەری لە دابەشکردنی داھاتەکان بەسەر تەواوی ناوچەکانی کوردستان، بەلەبەرچاو گرتنی ئەزمونی  چەند ساڵەی رابردووی حوکمڕانی ھەرێم بۆمان دەرکەوت کۆکردنەوەی تەواوی دەستەلاتەکان لە ئەنجومەنی وەزیران نەک ھەر  لەبەرژەوەندی ھەرێم و ھاووڵاتییان نییە، بەڵکو جۆرێک رۆتینات لە مامەڵەی ھاوڵاتییان و نادادی و نا ھاوسەنگی لە پێشکەشکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە نێوان شارو شارۆچکەکانی کوردستانیش  دروستکردوە."

"لامەرکەزیەت پرۆژەیەکە پێشتر  بە پێداگیری یەکێتی بۆ  پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێشنیار کراوە، دواجار لە کارنامەی حکومەتی ھەرێم جێگیرکرا راستە ئێستا جۆرێک لە لامەرکەزییەت هەیە، بەڵام  پێویستی بە گەشە پێدانی زیاتر ھەیە وەک فراکسیۆنی  سەوز پشتیوانی تەواو لە پرۆژەی لامەرکەزیەت  دەکەین، ھەروەھا کاردەکەین بۆ پیادەکردن و سەرخستنی پرۆژەکە" لوقمان وەردی وا دەڵێت.

"بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ سیستەمی لامەركەزییە بەو مانا حەقیقتەی كە هەیە واتا شۆڕكردنەوە دەسەڵات لە مەركەزەوە بۆ پارێزگاكان، نەك بۆ دوو ئیدارەیی"

جەلال محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ڕاچڵەکین وتی:" بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ سیستەمی لامەرکەزییە بەو مانا حەقیقتەی کە هەیە واتا شۆڕکردنەوە دەسەڵات لە مەرکەزەوە بۆ پارێزگاکان، نەک بۆ دوو ئیدارەیی، ئێمە  لەگەڵ لامەرکەزین بەدەسەڵاتی زۆر بۆ سەرجەم پارێزگاکان و کەمکردنەوەی رۆتین. بەڵام بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەک بە تەنیا بۆ سلێمانی".

دەشڵێت" لامەرکەزی واتا  کەمکردنەوەی رۆتین و رێگریکردن  لەگەندەڵی، بەڵام بە جۆرێک بێت رێگر بێت لە دوو ئیدارەیی، بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ وەحدەی قەوارەی هەرێمدایە واتا قەوارەکەی بپارێزرێت لەگەڵ دوو ئیدارەیی نییە دەسەڵاتی مەرکەزی بۆ سەرجەم پارێزگاکان دەوێت".


جەلال محەمەد

جەلال محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد:" هەرچەندە دەبوو باباتەکە لە پەرلەمان یەکلابکرێتەوە نەک ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەگەر لە ئەنجوومەنیش بوایە دەبووهاوئاهەنگی هەبووایە لە نێوان ئەنجوومەنی سەرجەم پارێزگاکان بۆ ئەوەی بە یەک پاکێج ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان بکرایە".

"ئەوانەی كە داوای لامەركەزی دەكەن  بۆ تەفریقە و لەتكردنی هەرێمی كوردستانە  ئەگەر نیەتێكی باش بێت لە رێی پەرلەمان و حكومەتەوە دەست بۆ ئەو پرسە دەبرێت"

پێشەوا هەورامانی، وتەبیژی فراکسیۆنی پارتی لە پەلەمانی کوردستان بە راچڵەکین-ی راگەیاند:" لامەرکەزی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو پێشتر لە نیو رێککەوتنی نیوان گۆڕان و پارتیدا هەبوو کەس نەیوتووە لامەرکەزی خراپە، بەڵكو  بۆ سوککردنی ئەرکی سەرشانی حکومەتە بەڵام هەوڵدان بۆ دوو ئیدارەی یان لامەرکەزییەکە لە ئەنجامی ئاراستەکردنی تۆمەت و شتێکی دیکە بێت ئەوا رەتیدەکەینەوە."


پێشەوا هەورامانی

هەورامانی دەشڵێت:" ئەوانەی کە داوای لامەركەزی دەكەن  بۆ تەفریقە و لەتکردنی هەرێمی کوردستانە  ئەگەر نیەتێکی باش بێت لە رێی پەرلەمان و حکومەتەوە دەست بۆ ئەو پرسە دەبرێت."

"من لەگەڵ ئەوە نیم  تەنها بۆ پارێزگایەك بێت بەڵكو دەبێت لە هەموو پارێزگاكان پەیرەو بكرێت"

 
عەبدولستار مەجید

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان  بۆ راچڵەکین وتی:" ئەوان وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ پشتیوانی دەکەین بەڵام ئەوە  پێویستی بە دووبارە رێکخستنەوەی یاساکان هەیە، بەتایبەت  یاساو دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. چونکە  ئایا کێ چاودێری ئەو لامەرکەزییەتە دەکات  لەو ناوچانە، هاوکات پێویستە دەستکاری کارنامەی وەزارەتەکانیش بکرێت، دەسەڵاتەکانی وەزارەت کەمدەبێتەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ پارێزگاکان من لەگەڵ ئەوە نیم  تەنها بۆ پارێزگایەک بێت بەڵکو دەبێت لە هەموو پارێزگاکان پەیرەو بکرێت، ئەوە پێداچوونەوەی زۆری دەوێت لە رووی ئیدارییەوە لە رووی یاسایی و کاری وەزارەتەکانەوە دووبارە رێکخستنەوەی دەوێت. 

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پشت بە مادەی (2) و (5)ی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009)ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبەستێت بۆ داواکردنی لامەرکەزی، ئەوەش بەمەبەستی دابەزاندنی دەسەڵاتەکان لەناوەندەوە بۆ خوارەوە. لەو دوو ماددەیەی یاساکەشدا بەمشێوەیە باسکراوە:

ماددەی دووەمی یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان:

- ئەم یاسایە دەسەڵات و بەرپرسیاری ئەنجوومەنەکان و سەرۆکەکانیان و ئەندامەکانی دەستنیشاندەکات بۆ پتەوکردنی پرەنسیپی ناسەنتەری لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و چاککردنی گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتیی بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی یەکە کارگێڕییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان:

ئەنجوومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێرییە لەناو سنووری کارگێڕیی پارێزگادا، مافی ئەوەی هەیە بڕیار و پێڕەو و رێنماییەکان بۆ رێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی لەناو سنووری پارێزگادا دەربچوێنێت، تاوەکو بتوانێ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگا بەپێی پرەنسیپی ناسەنتەری بەڕێوەبردنی کارگێڕیی بکات، بەجۆرێکی وا کە ناکۆک نەبێ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن