دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا
راچڵەكین -
حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا بڕیاریدا سكاڵای یاسایی لەدژی دۆناڵد ترەمپ تۆمار بكات بەهۆی بڕیاری رەوانەكردنی هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ كۆنترۆڵكردنی ناڕەزایەتییەكانی شاری لۆس ئەنجلۆس.
گاڤین نیوسوم، حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا، لە پۆستێكدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، رەخنەی توندی لە سەرۆكی ئەمریكا گرتووە بەهۆی ناردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی ناڕەزاییەكانی شاری لۆس ئەنجلۆس، كە ماوەی چەند رۆژێكە بەهۆی جێبەجێكردنی یاسای كۆچ و گومرگ و دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی، گرژی و ئاڵۆزی لەو شارە دروستبووە.
حاكمی كالیفۆرنیا لە پۆستەكەی نووسیویەتی: ئەمە ئەو كارە بوو كە ترەمپ دەیخواست، هەڵگیرساندنی قەیران و دواتر هەوڵدان بەشێوەیەكی نایاسایی بۆ پێدانی مۆركی فیدراڵی بە هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانی، ئەمەش تەنها لە ویلایەتی كالیفۆرنیا كورتنابێتەوە، بەڵكو توانای ئەوە بە سەرۆكی ئەمریكا دەدات هێز بۆ هەموو ویلایەتێك بجووڵێنێت و هەمان كار ئەنجام بدات.
گاڤین نیوسوم راشیگەیاندووە، لەسەر ئەم كارە، سكاڵای یاسایی لەدژی ترەمپ تۆمار دەكەم، چونكە ئەو هێزەی پاسەوانی نیشتمانی كە بە فەرمانی سەرۆكی ئەمریكا لە شاری لۆس ئەنجلۆس بڵاوەیان پێكراوە بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران، هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵ نەكردووم و لەخۆیانەوە رەفتار دەكەن.
لەچەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لەشاری لۆس ئەنجلۆس-ی ویلایەتی كالیفۆرنیا لەنێوان كۆچبەرانی نایاسایی و هێزە ئەمنییەكانی شارەكە، سەدان كەس دەستگیركراون و زیانێكی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی پۆلیس و كەلوپەلی گشتی كەوتووە.