راچڵەكین -
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت بڕی یەك ملیار و 400 ملیۆن دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی كە بەشێكن لە پرۆژەی ڕووناكی و زیاتر لە 60 هەزار خێزان كە كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە، لە گەڕأندنەوەی ئەو بڕە پارەیە سوودمەند دەبن.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو بڕە پارەیەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕیاردراوە بۆ ئەو خێزانانەی كە بەشێكن لە پرۆژەی ڕووناكی، بگەڕێندرێتەوە، بەشێوەی كرێدت بۆ پسووڵەكانی مانگی پێنج دەبێت، بەمشێوەیەش بە تێكڕا، هەر یەكێك لەم ماڵانە كە ژمارەیان زیاتر لە 60 هەزار ماڵە، تا 20 هەزار دینار بەشێوەی كرێدت لەسەر پسووڵەكانیان وەردەگرنەوە، هەندێك گەڕەك هەن كە ماڵەكانیان بە تێكڕا تا نزیكەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.
وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشكردووە، زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەم بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەك نەدەن بۆ پسووڵەی كارەبای مانگی پێنج.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە كە:
(یەكەم) پێشتر پارەیەكی زیاتریان دابوو بۆ پسووڵەی كارەبا بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی ڕابروودا پەسەندی كرد.
(دووەم) ئەو هاووڵاتیانەش دەگرێتەوە كە سوودمەند نەبووبوون لە پاڵپشتی حكومی بەڕێژەی ٪15 لە مانگی سێیەمدا، كە ئەویش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكرا. ئەمەش وەك پاڵپشتییەكی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر پاڵپشتی مانگی یەكەم بەڕێژەی ٪50 و مانگی دووەم بەڕێژەی ٪25.
وەزارەتی كارەبا باشی لەوەشكردووە كە پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ نرخە نوێیەكانی كارەبای پەسەندكرد و لە ئەنجامدا، ئێستا ٪80ی هاووڵاتیان پارەیەكی كەمتر دەدەن بە كارەبا بە بەراورد بە پێشوو بۆ كارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و كۆمەڵێك دەستپێشخەری دیكە دابینكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی زیاتری هاووڵاتیان.