راچڵەكین -
هەردوو وەزیری دەرەوەی عیراق و ئێران لە توركیا كۆبوونەوەو فوئاد حسێنیش رایدەگەیەنێت: پێویستە دەستبەجێ "دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران" رابگیرێت و كێشەكانیش لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بكرێن.
ئەمڕۆ شەممە، 21-6-2025، لە پەراوێزی بەشداریكردنیان لە كارەكانی خولی 51ی كۆبوونەوەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی، كە لە شاری ئیستانبوڵ لە توركیا بەڕێوەدەچێت، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق، لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كرا، بەتایبەتیش لە سۆنگەی بەردەوامیی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەردوولا باسیان لە لێكەوتەكانی ئەم گرژییە و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە كرد، لەنێویاندا دەرەنجامە مرۆییەكان و مەترسیی فراوانبوونی بازنەی ململانێكە.
وەزیری دەرەوەی عیراق، جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شوێنەوارەكانی گرژییە سەربازییەكان، هاوكات گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییە بەكۆمەڵەكانی لە رێگەی كەناڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكانەوە دووپاتكردەوە، داوای گەڕانەوەی بەپەلەشی بۆ سەر مێزی دانوستان و دیالۆگی سیاسی كرد، بەوپێیەی تاكە بژاردەیە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دووركەوتنەوە لە كارەسات لە ناوچەكەدا.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عیراق و ئێران، باسیان لەچۆنییەتی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگیی بەردەوامبوون لەسەر راوێژ و هاوئاهەنگی سەبارەت بە پرسە بایەخدارە هاوبەشەكان كرد، لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی.