نزیكەی 564 هەزار كەس ناویان بۆ كارمەندی رۆژی هەڵبژاردن تۆماركردووە

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 260

راچڵەكین-

تائێستا نزیكەی 564 هەزار كەس فۆڕمیان پڕكردووەتەوە تاوەكو لەڕۆژی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، وەك كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان كار بكەن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش رایدەگەیەنێت، رۆژی 9ی تەمووز، دوایین وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-6-2025، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: تائێستا لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق 563 هەزار و 945 كەس فۆڕمیان پڕكردووەتەوە تا ببنە كارمەندی كۆمسیۆن لەڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئەوەش روونكراوەتەوە، زۆربەی ئەو كەسانەی فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، دەرچووی دانەمەزراون، كە ژمارەیان 240 هەزار و 312 كەسە، هاوكات 323 هەزار و 633 فەرمانبەریش فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژی 9ی تەمووز، دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی سەر سندوقی دەنگدان.

لە هەرێمی كوردستان، تائێستا ژمارەی ئە كەسانەی فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، بەم شێوەیەیە:

هەولێر: 28 هەزار و 717 كەس.

سلێمانی: 31 هەزار و 344 كەس.

دهۆك: 20 هەزار و  534 كەس.

پێشتریش كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاشكرایكردبوو كە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، پێویستی بە نزیكەی 250 هەزار كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن