كەمتر لەهەفتەیەك ماوە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك

کوردستان

29/06/2025     ژمارەی بینراو 592

راچڵەكین-

كەمتر لەهەفتەیەك لەبەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا ماوە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆمی خۆراك، هاوكات داوا لە داوا لەوەزارەتی بازرگانی عیراق دەكرێت ماوەكە درێژ بكاتەوە، چونكە بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی قەرەباڵغی سەرەی دەرهێنانی كارتی نیشتمانییەوە كە مەرجی سەرەكی پڕكردنەوەی فۆڕمەكەیە، نەیانتوانیوە فۆڕمەكە پڕبكەنەوە.

ئاراس محەمەد، بەڕ‌ێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی سەبارەت بە درێژكردنەوەی وادەی دروستكردنی فۆڕ‌می ئەلكترۆنی خۆراك، بەمیدیای فەرمی یەكێتی راگەیاندووە:" هەوڵدەدەین لەگەڵ بەغدا ماوەی پڕكردنەوەی پسوڵەی خۆراكی ئەلكترۆنی كە رۆژی 5ی تەمووز وەك كۆتا رۆژ دیاریكراوە درێژبكرێتەوە، چونكە خەڵكێكی زۆر تائێستا فۆڕمەكەیان پڕنەكردوەتەوە".

"هەر خێزانێك چەند ئەندامیان كارتی نیشتمانیان هەیە دەتوانن تەنها ناوی ئەو ئەندامانەیان لەفۆڕمە ئەلكترۆنییەكەدا تۆمار بكەن، دواتر لەقۆناغی دووەمدا هەركاتێك ئەندامەكانی دیكەشیان كارتی نیشتمانییان دەرهێنا دەتوانن ناوی ئەوانیش بۆ فۆڕ‌می خۆراكەكە زیاد بكەن" ئاراس محەمەد وا دەڵێت.

راشیگەیاند:" لەداهاتوودا هەر خێزانێك فۆڕمی ئەلكترۆنی نەبێت، ناتوانێت بەشەخۆراكی مانگانەی هەبێت، چونكە بەشەخۆراكی مانگانە پشت بەو فۆڕمە دەبەستێت و كار بە فۆڕ‌می كاغەز ناكرێت، بۆیە پێویستە سەرجەم ئەندامانی خێزانەكان لەناو فۆڕمەكەدا هەبن".

بەڕ‌ێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی داواش لەهاووڵاتییان دەكات، كە پێش تەواوبوونی وادەكەی، فۆڕ‌مە ئەلكترۆنییەكە پڕبكەنەوە، چونكە لە قۆناغی دووەم هەموو خزمەتگوزارییەكانی فۆڕ‌می ئەلكترۆنی خۆراك دەبێت بەپارە و بۆ زیادكردنی هەر ئەندامێكی خێزانەكە پێویستە سەرۆك خێزانەكە بڕی 10 بۆ 11 هەزار دینار بدات.

لەهەرێمی كوردستان هەڵمەتی بە ئەلكترۆنیكردنی پسوڵەی خۆراك لەپارێزگای هەڵەبجەوە دەستیپێكرد و وابڕ‌یارە 5ی تەمووز كۆتا وادەی پڕكردنەوەی فۆڕ‌می ئەلكترۆنی خۆراك بێت.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن