راچڵەكین -
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا ئیدانەی رووداوەكەی شەوی رابردووی تاسڵوجەی كرد كە لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە بارەگای هێزەكانی 70 بە ئامانج گیرا، داواش لە سەرۆكوەزیرانی عیراق دەكات لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت.
لە راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتووە، "ئیدانەی ئەو كارە تاونكارییە دەكەین كە لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبرێژكراوەوە بارەگای هێزەكانی 70 لە ناوچەی تاسڵوجە لە پارێزگای سلێمانی بە ئامانج گیرا. دیارە ئامانج لەم كردەوانە پێشێلكردنی سەروەریی خاك و ئاسمانی عیراق و كوردستانە، هەروەها ئاسایشی ناوچەكە و ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەخاتە بەر مەترسی".
فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، دوێنێ پارێزگای كەركوك بە ئامانج گیرا و ئەمڕۆ سلێمانی، ئێمە لە كاتێكدا ئیدانەی ئەو كردەوانە دەكەین، داوا لە سەرۆكوزیرانی عیراق دەكەین
لیژنەیەكی بە دواداچوون بەپەلە دروست بكات بۆ دەرخستنی راستییەكان و دیاریكردنی سەرچاوەی سەرەكی هەڵدانی موشەك و درۆنەكان، هەروەها داوا دەكەین موڵك و ماڵی هاووڵاتیان و سەروەریی وڵات بپارێزرێت بۆ رێگریكردن لەهەر كردەوەیەك كە دەبێتەهۆی تێكدانی ئاسایشی وڵات و پێكەوەژیان.