فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق وەڵامی حكومەتی هەرێم دەداتەوە

کوردستان

16 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 281

راچڵەكین -

فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەباری تۆمەتباركردنی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق، وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: لەژێر هیچ بیانووێكدا رێگە بە تۆمەتباركردنی هێزە ئەمنییەكانمان نادەین و رێكاری یاسایی توندیش دەگرینەبەر.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تۆمەتباركردنی دامەزراوەیەكی ئەمنیی فەرمیی عیراق لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، كارێكی ئیدانەكراو و رەتكراوەیە، لەژێر هیچ بیانووێكیشدا رێگەی پێنادرێت، بەتایبەتی كە هیچ بەڵگەیەك نییە و ئەگەر هەیە داوا دەكەین پێشكەشی لایەنە فەرمییەكانی حكومەت بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە،" حكومەتی فیدراڵ و دامەزراوە ئەمنییەكانی، لەچەندین بۆنەدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە هیچ سازشێك لەسەر حسابی رۆڵەكانی عیراق و ئاسایشیان نەكردووەو ناشیكات، درێغیش ناكات لە گرتنەبەری رێكاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر لایەنێك كە هەوڵی تێكدانی سەقامگیری یان تێكدانی ئاسایش لە سەرتاسەری عیراق بدات.

وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، ئاماتژەی بەوەشكردووە، ئاڵنگارییەكانی ئێستا پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەیە لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە، نەك پەنابردنە بەر دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە ڕاپۆرت و بەیاننامە، كە دەرفەتێك بدات بەو كەسانەی لە چاوەڕوانیدان سوكایەتی بەو دامەزراوانەی عێراق بكەن كە عێراق دەپارێزن و بەرگریی دەكەن و ئاسایشەكەی دەپارێزن. هەروەها ئەمەش پاساو بۆ لایەنە دوژمنكارەكان دەڕەخسێنێت بۆ تێكدانی سەقامگیریی عێراق.

راگەیەندراوەكەی وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەوەڵامی روونكردنەوەكەی درەنگانی شەوی رابردووی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت، كە تیایدا رایگەیاندبوو، شەوی رابردوو درۆنێك لە ناوچەیەكی چۆلەوانی لە نزیك هەولێر كەوتۆتە خوارەوە، ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدرالی سنوورێك بۆ ئەم كارە تێكدەرانە دابنێن و رێكاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن