راچڵەكین -
لە خۆپیشاندانێكدا لە بەرلین-ی پایتەختی ئەڵمانیا بۆ پاڵپشتی لە كەرتی غەززە، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، دەیان خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركران و خۆپیشاندانەكەش كۆتایی پێهێنرا.
ئەمڕۆ شەممە 5-7-2025، سەدان كەس لە بەرلین-ی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان لەدژی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە ئەنجامدا و داوایانكرد حكومەتی ئەڵمانیا چیتر چەك و تەقەمەنی بە ئیسرائیل نەفرۆشێت و گوشاریش بخاتە سەر تەلئەڤیڤ لەپێناو راگرتنی بۆردومانەكان و دەستهەڵگرتن لە كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی.
میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە، بەهۆی سەرپێچیكردنی خۆپیشاندەران لەو مۆڵەتەی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە وەریانگرتبوو، كە دەیانویست لەشوێنێكی قەرەباڵغی سەنتەری شاری بەرلین گردببنەوەو هاتووچۆ پەكبخەن، هێزەكانی پۆلیس بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەكە كرد و بەو هۆیەشەوە گرژی و پێكدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبوو.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی ئەڵمانیایەوە دەستگیركراون و بڕیارە دوای هێوربوونەوەی دۆخەكە، ئازاد بكرێن.