راچڵەكین -
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مین لە هەولێر رایدەگەیەنێت: لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە نزیكەی 400 هەزار مەتر دووجا زەوی لەسنووری پارێزگای هەولێر، لەمین پاككراونەتەوەو پێنج كەسیش بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مین لە هەولێر، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، تیمەكانیان 962 مینی دژە كەسی و دوو مینی دژە تانكی و 22 هەزار و 760 پاشماوەی جەنگییان لەناوبردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر لەو ماوەیەدا چوار كێڵگەی مین پاككراونەتەوە، كۆی گشتیی رووبەری زەوی لە مین پاككراوەش 399 هەزار و 424 مەتر دووجا بووە.
بەڕێوەبەری كاروباری مین لە هەولێر ئاشكراشیكردووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، پێنج كەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی بەركەوتنی مین-ەوە گیانیان لەدەستداوەو چواركەسیش بریندار بوون.