نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان
راچڵەكین -
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نامەیەك ئاڕاستەی وەزیری بەرگریی توركیا دەكات و تێیدا هاوخەمیی دەردەبڕێت بۆ ئەو سەربازانەی توركیا كە لە ئەشكەوتێكی هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستدا.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نێچیرڤان بارزانی، لە نامەیەكی هاوخەمیدا بۆ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا، سەرەخۆشیی لە توركیا و خێزان و كەسوكاری ئەو سەربازانەی وڵاتەكەی كرد كە ڕۆژانی ڕابردوو لە ڕووداوێكدا لە ئەشكەوتێكی ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان، گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكیشیان بریندار بوون.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نامەكەیدا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی، هیوای زووچاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها جەختی لە بەردەوامیی هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا كردەوە بۆ سەرخستنی ئاشتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.