راچڵەكن -
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێكهێنانی لیژنەیەكی وەزاری رادەگەیەنێت بەمەبەستی چارەسەركردنی پرسی مووچەی فەرمابەرانی هەرێمی كوردستان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەروانگەی پەرۆشیی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە پابەندییە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تاوتوێی هەردوو رەشنووس كرد كە یەكەمیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی پێشكەش كراون و دووەمیشیان لەلایەن حكومەتی هەرێم پێشكەش كراوە، كە پەیوەندیدارن بە بابەتی رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێم و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران و تەوتینكردنیان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزەیرانی عیراق بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی دەركرد بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندانان و ئەندامانی هەریەك لە وەزیرانی ئاوەدانكردنەوە، خوێندنی باڵا، داد و تەندروستی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەردوو رەشنووسەكە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەویەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم، لیژنەكەش راسپاردەكانی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.