ماكرۆن لەبارەی فەلەستینەوە داوایەك ئاڕاستەی بەریتانیا دەكات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 198

راچڵەكین -

سەرۆكی فەرەنسا داوا لە بەریتانیا دەكات هەڵوێستەكانیان یەكبخەن لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، راشیدەگەیەنێت: بەردەوامبوونی شەڕێك كە هیچ ستراتیجیەتێكی نییە، دەبێـە مەترسییەكی گەورە لەسرە ناوچەكەو ئاسایشی هاوبەشی پاریس و لەندەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-7-2025، ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی بەریتانیای كرد و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كییەر ستارمەر، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا رایگەیاند: پێویستە دەنگ و هەڵوێستەكانمان یەكبخەین بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، بەو پێیەی تاك رێڕەوە بۆ ئاشتی.

سەرۆكی فەرەنسا وتیشی:" لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا هەمان بۆچوونمان بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزی ئۆكراینا هەیە، پێویستە شەڕ لەناوچەكە رابگیرێت و دەرچەیەك بۆ ئاشتی بدۆزرێتەوە، هێرشەكانی ئیسرائیلیش بۆسەر كەرتی غەززە كۆتایی پێبێت".

ماكرۆن جەختی لەوەكردەوە كە بەردەوامبوونی شەڕێكی بێ كۆتایی و بێ ستراتیج، مەترسییەكی گەورە لەسەر تەواوی ناوچەكەو ئاسایشی هاوبەشی فەرەنسا و بەریتانیا دروستدەكات.

سەرۆكی فەرەنسا دووپاتیشیكردەوە كە بڕوای بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ هەروو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین هەیە، كە دەبێتە بنەما بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لەناوچەكەدا، بەم شێوەیەش ئیسرائیل دەتوانێت بە ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بژیت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن