ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و شاندی دەم پارتی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

19 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 226

راچڵەكین -

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی سەرۆكایەتیی دەم پارتی و ژمارەیەك لە سیاسەتمدارانی باكووری كوردستان، ستایشی هەنگاوی ئەمڕۆی چەكدانانی گەریلاكانی پەكەكە دەكات و سوپاس و پێزانینیش بۆ هەوڵەكانی ئەردۆغان دەردەبڕێت بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 11-7-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندی سەرۆكایەتیی دەم پارتی و ژمارەیەك لە سیاسەتمدارانی كورد كرد، كە ئەمڕۆ بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی چەكدانانی گرووپێكی گەریلاكانی پەكەكەدا، كردبوو.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە دیدارێكدا شاندەكە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدا لە توركیا دەربڕی، هەروەها دووپاتیان كردەوە كە بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو و سەرخستنی پرۆسەكە، چاویان لە بەردەوامیی پشتگیری و هاوكاریی سەرۆكی هەرێمە.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی كردەوە و ستایشی هەنگاوی ئەمڕۆی چەكدانانی گەریلاكانی پەكەكەی كرد، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ هەوڵەكانی رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیای بۆ سەرخستنی پرۆسەك، ‌دووپاتكردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیانكردەوە كە ئاشتی لە بەرژەوەندیی هەموو لایەك و توركیا و تەواوی ناوچەكەدایە و بۆ ئەم مەبەستە دەبێ هەمووان تەواوی پشتگیریی لێبكەن، هەروەها هاوڕا بوون كە هەنگاوەكانی داهاتوو، پرۆسەكە زیاتر دەباتە پێشەوە.

لە كۆتاییی دیدارەكەدا شاندەكەی دەم پارتی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو یارمەتی و ئاسانكارییەی لە هەموو ڕوویەكەوە بۆ بەڕێوەچوون و سەرخستنی ڕێوڕەسمەكەی ئەمڕۆی چەكدانان، پێشكەشیان كردبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن