راچڵەكین-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان لەبارەی مووچە، شایستە داراییەكان و هەناردەی نەوتی هەرێم كرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:" ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەكانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كرد."
"جەختمان لە چڕكردنەوەی هەموو هەوڵەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و لەمبارەیەوە كۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەركردنی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان كە مافێكی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە."
" حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە كاری هاوبەش بۆ كۆتاییهێنان بەم كێشەیە كە بە داخەوە، كاریگەری زۆر خراپی كردووەتە سەر بژێویی و بارودۆخیی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، كاری لە پێشینە و ئێستای حكومەتە و لەم پێناوەشدا ، لە كاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی." سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.