راچڵەكین -
پۆلیس گەرمیان رایدەگەیەنێت، لەسەر رووداوەكەی مانگی رابردووی گوندێكی سەر بە ناحیە شێخ تەویل، كە بەهۆیەوە سێ كەس كورژان، 12 تۆمەتبار لەهەردوو لایەنی شەڕەكە دەستگیركراون و فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ شەش تۆمەتباری دیكە دەركراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، دوای ئەوەی لەبەرواری 23-6-،2025 تاوانێكی كوشتن لەگوندی سەیبێخانی سەر بە ناحیەی شێخ تەویل لەنێوان دوو تەرەف بەهۆی كێشەی زەویوزارەوە روویدا و لەئەنجامدا سێ كەس بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە گیانیان لەدەستدابوو، دوای لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان و وەرگرتنی وتەی چوار شاهید، رووداوەكە بەوجۆرە بووە كە كەسێك دوو كەسی كوشتووە كە برای یەكترن و كەسێكی دیكەشی برینداركردووە، دواجار خۆیشی كوشتووە.
پۆلیسی گەرمیان ئاشكراشیكردووە، دوای لێكۆڵینەوەی وردی پۆلیس و ئەنجامی راپۆرتی توێكاری پزیشكیی دەربەندیخان، دەركەوت كە تاوانلێكراو (م.ع.م) پێنج فیشەكی بەركەوتووەو خۆی نەكوشتووە، بەڵكو كوژراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەئێستادا 12 كەس لەهەردوولایەن بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی، دەستگیركراون و فەرمانی دەستگیركردن بۆ شەش تۆمەتباری دیكەش بە هەمان ماددە، دەرچووەو لێكۆڵینەوەش لە دۆسیەكە بەردەوامە.