راچڵەكین -
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: شایستەی دارایی بژمێرەكان لە بەغدا وەرگیراوەو لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوو دوای هەوڵێكی زۆر و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن وەزیری پلاندانانی هەرێم و بریكاری وەزارەت، توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەكان و یاریدەدەرەكان و بژمێرەكان، لە حكومەتی عیراق وەربگیرێ.
وەزارەتی پلاندانان ئاشكراشیكردووە، رێكارە كارگێڕی و داراییەكان تەواو كراون و لەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاماری پارێزگاكان هەڵدەستن بە ڕێكخستنی كارەكانیان بۆ دابەشكردنی ئەو شایستە داراییانە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هێشتا زیاتر لە 13 ملیار دینار ماوە بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان، تایبەت بەو خەرجییانەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە دەستە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، سەرباری ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی پێ دەرچووە، بەڵام دامودەزگاكانی حكومەتی فیدراڵ كەمتەرخەمی دەكەن لە جێبەجێیكردنی.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە كە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبن بۆ وەرگرتنی تەواوی مافە داراییەكان كە نەدراون، تاكوو مافی فەرمانبەرانی ئامار لە هەرێم نەفەوتێت.