راچڵەكین-
رۆژنامەیەكی عیراقی بڵاویكردووەتەوە، پارتی دیموكرتای كوردستان لە چەند نامەیەكدا بۆ بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لێكردوون رۆڵیان هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
رۆژنامەی بەغداد ئەلیەوم لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی بڵاویكردووەتەوە، پارتی لەنامەكانیدا بۆ بەرپرسانی چوارچێوە (نوری مالیكی- سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری- سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، فالح فەیاز- سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی) داوای لێكردوون رۆڵیان هەبێت لەچارەسەری دۆسێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
بەووتەی ئەو سەرچاوەیە، نامەكەی پارتی بۆ بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای كۆبوونەوەی رۆژی 12ی ئەم مانگەی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە هاتووە كە تیایاندا داواكراوە ئەو بەرپرسانە فشار بخەنە سەر حكومەتی بەغدا بۆ رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هەواڵەكەی رۆژنامەی بەغداد ئەلیەوم لەكاتێكدا دێت، بارەگای بارزانی دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو:" لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوكردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عیراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەك بۆ كۆتایهێنان بەم كێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بڕوامان بەوە هەبووە كە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەكتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین."