لویس ئێنریکی هەڕشەی ڕاگرتنی لەسەرە

وەرزش

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 162

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

لویس ئێنریکی ڕاهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان مەترسی ڕاگرتنی لەسەرە، بەهۆی ئەو ڕەفتارە بێباکانە، دوای دۆڕانەکەی شەوی ڕابردوو لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکاندا بە چێڵسی بە سێ گۆڵی بێ وەڵام.

ئێنریکی تووشی شەڕێکی زارەکی بوو لەگەڵ جواو پێدرۆی هێرشبەری یانەی چێڵسی، کە گەیشتە لوتکە و ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە پاڵ بە یاریزانە بەڕازیلییەکەوە نا، بەو هۆیەوە لەناو ئەو شەڕ و پێکدادانەدا کە لە کۆتایی یارییەکەدا سەریهەڵدا هێرشبەرە بەڕازیلییەکە کەوتە سەر زەوی.

ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە پاساوی ئەو کارەی خۆی هێنایەوە و ئیدیعای کرد کە هەوڵی جیاکردنەوەی یاریزانەکان دەدات بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو هەڵکشان نەچێت.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی لۆپاریسیان بڵاویکردووەتەوە: ئێنریکی مەترسی ڕێکاری ڕاگرتنی لەسەرە ئەگەر فیفا بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە دژی بکاتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕێساکانی فیفادا هاتووە کە یاریزانێک یان ڕاهێنەرێک دەتوانێت لانیکەم بۆ سێ یاری یان بۆ ماوەیەکی گونجاو ڕابگیرێت بەهۆی هێرشکردنە سەر یاریزانی بەرامبەر بە بۆکس، شەق، تفکردن، لێدان، یان گازگرتن.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ڕێسایانە پەیوەندییان بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان یاریزانان و ڕاهێنەرانەوە هەیە و ناوبژیوانانی یارییەکان ناگرێتەوە.

ڕۆژنامە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕاهێنەری مەکسیکی یانەی گوادالاخارا پێشتر بۆ ماوەی سێ یاری سڕکرابوو، دوای ئەوەی بە لێدانەکانی لە نیکۆلاس فۆنسیکای یاریزانی یانەی لیۆن دا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن