زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژۆ لەدژی بەقەزاكردنی ناحیەی قەرەتەپە كۆدەكەنەوە

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 211

راچڵەكین -

بەدەستپێشخەری و سەرپەرشتی فراكسیۆنی یەكێتی و هەماهەنگی فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، یاداشتێك بە واژۆی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار ئاڕاستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق دەكرێت بۆ پووچەڵكردنەوەی هەوڵی بەقەزاكردنی ناحیەی قەرەتەپە و دابڕاندنی ناحییەكانی قەرەتەپە و جەبارەو كوڵەجۆ لەسەر قەزای خانەقین.

كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند: دوای ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و پەرلەمانتارە سوننەكانی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەوڵێكیاندا بۆ ئەوەی ناحیەی قەرەتەپە بكەن بە قەزا و ناحییەكانی كوڵەجۆ و جەبارە لە قەزای خانەقین دابڕێنن و بیخەنە سەر ئە قەزا تازەیە، ئێمەش وەك نوێنەرانی كورد كۆمەڵێك هەنگاومان نا.

ئەو پەرلەمانتارە وتی:" هەنگاوەكانمان بریتی بوون لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە بارەگای مەڵەندی خانەقینی یەكێتی و ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی فراوان بۆ رەتكردنەوەی هەوڵی بەقەزاكردنی ناحیەی قەرەتەپە".

كاروان یاروەیس، راشیگەیاند: یاداشتێكمان بە واژۆی سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عیراق، كە زیاتر لە 105 پەرلەمانتاریش واژۆیان لەسەری كردووە، ئاڕاستەی هەریەك لە سەرۆككۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان و وەزارەتی پلاندانانی عێراق كرد، بەمەبەستی پووچەڵكردنەوەی هەوڵی بەقەزاكردنی ناحیەی قەرەتەپە و دابڕاندنی ناحیەكانی قەرەتەپە و جەبارەو كوڵەجۆ لەسەر قەزای خانەقین.

بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەم هەوڵە پێشێلكردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوری عیراقە و نابێ دەستكاریی سنووری ئیداری و جوگرافی و دیمۆگرافی ئەو ناوچانە بكرێ كە ماددەی (١٤٠)ی دەستور دەیانگرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن