وەزارەتی ناوخۆ لەسەر رووداوەكەی ناحیەی وەرتێ دێتەدەنگ

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 195

راچڵەكین -

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی ناحیەی وەرتێ دەكات كە بەهۆی گردبوونەوەی ناڕەزایی هاووڵاتییانەوە، كەسێك بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا، راشیدەگەیەنێت: هاووڵاتیان و كەسوكاری قوربانییەكە دڵنیادەكەینەوە كە مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێكاری یاسایی جێبەجێ دەكرێت.

وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 14-7-2025 بڵاویكردووەتەو، تێیدا هاتووە، "شەوی یەكشەممە رێكەوتی ١٣ی تەموزی ٢٠٢٥، بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێك لە هاووڵاتییان لە سنوری ناحیەی وەرتێ/ ئیدارەی سۆران، لە ئەنجامی گرژیدا هاووڵاتییەك بەناوی حەسەن رەحمان بۆتە قوربانی. دەستبەجێ لایەنە پەیوەنددارەكان راسپێردراون بۆ لێكۆڵینەوەكردن و گرتنەبەری رێكاری یاسایی.

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە، هاووڵاتیان و كەسوكاری قوربانییەكە دڵنیا دەكەینەوە كە مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێكاری یاسایی جێبەجێ دەكرێت.

شەوی رابردوو، وەك ناڕەزایی لەدژی نەبوونی كارەبا، ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی ناحیەی وەرتێ گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و بۆماوەیەك رێگای هامڵتۆن-یان داخست، دوای هاتنی هێزێكی ئەمنی بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە گردبوونەوەكە، تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و بەهۆیەوە هاووڵاتییەك بەناوی حەسەن رەحمان كوژرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن