ئیسرائیل كاروانێكی سوپای سووریا بۆردومان دەكات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 262

راچڵەكین -

سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی دەكاتە سەر كاروانێكی سوپای سووریا و چەند تانكێكی سەربازییش لەباشووری ئەو وڵاتە بۆردومان دەكات كە بەرەو ناوچەی دروزەكان دەچوون، وتەبێژی سوپاكەش رایدەگەیەنێت: بوونی سەربازیی لەباشووری سووریا هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروستدەكات و رێگەی پێنادەین.

ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە ئەكاونتی خۆی، دیمەنی چەند تانكێكی سەربازیی سوپای سووریای بڵاوكردەوە كە لەلایەن هێزە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی بۆردومان دەكرێت و رایگەیاند: ئەو تانكە سەربازییانە بەڕێوەبوون بۆ سنووری پارێزگای سوەیدا لەباشووری سووریا بۆ هێرشكردنە سەر دروزەكان.

ئەدروعی هەڕەشەی لە سووریا كرد كە رێگەی پَنادەن هیچ هێزێكی سەربازیی بە چەكی قورسەوە لەناوچەكانی باشووری وڵاتەكەیان جێگیر بكەن، وتی:" ئەم كارە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل و بەهیچ شێوەیەك رێگەی پێنادەین".

هاوكات، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 14-7-2025، ئیسرائیل كاروانێكی سوپای سووریای لە دەوروبەری شاری سوەیدا بۆردومانكرد كە لە دیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سەدان چەكدار پێكهاتبوون و ئامادەكارییان بۆ هێرشكردنە سەر شارەكە.  

ماوەی دوو رۆژە شەڕوپێكدادانی قورس لەنێوان گروپە چەكدارەكانی هۆزەكانی باشووری سووریا بەهاوكاری چەكدارانی سوپای ئەو وڵاتە، لەگەڵ دروزەكان بەردەوامەو تائێستا دەیان چەكدار و هاوولاتی مەدەنی لەهەردوولا كوژراون، كە زۆربەی قوربانییەكان لە دروزەكانن.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی بە وردی چاودێریی پەرەسەندنی دۆخەكە دەكات و هەر جۆرە چەكێكی قورس رەوانەی ناوچەكە بكرێت، بۆردومانی دەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن