راچڵەكین-
كۆمپانیای نەوتی باكورو كۆمپانیای (HKN) ئەمریكی، گرێبەستێكیان بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی حەمرین واژۆ كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەمووزی 2025 وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ بەئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت، كۆمپانیای نەوتی باكورو كۆمپانیای (HKN) ئەمریكی، گرێبەستێكیان بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی حەمرین واژۆ كرد.
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، حەیان عەبدولغەنی رایگەیاندووە:" وەزارەتەكەی هەوڵدەدات رێژەی بەرهەمهێنانی كێڵگەكە بۆ (٦٠)هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكاتەوە، ئەمە جگە لە وەبەرهێنانانی (٤٥-٥٠) ملیۆن مەتر سێجا غازی هاوەڵ، بۆ سوتەمەنی وێستگەكانی كارەبا."
ئەوەشی روونكردووەتەوە:" كێڵگەی حەمرین كێڵگەیەكی بەرهەمدارە، رێژەی بەرهەمهێنانی لە ئێستادا لە نێوان (٢٠)هەزار بۆ (٢٥) هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، سەرەڕای ئاستەنگە ئابووری و ئەمنییەكان."
لای خۆیەوە، ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا، رایگەیاندووە:" خۆشحاڵين بە ئامادەبون لە رێورەسمی واژۆكردنی ئەمڕۆ لە وەزارەتی نەوتی عیراق، خۆشحاڵين كە كۆمپانیایەكی ئەمریكی وەبەرهێنان لە عیراق دەكات و، پێمان خۆشە بازرگانی زیاتر لەگەڵ عیراق ببینین."
ماتیۆ زایس، جێگری سەرۆكی (HKN) لەبارەی واژۆكردنی گرێبەستەكە وتویەتی:" زۆر شانازی دەكەین بە كاركردن و هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی نەوت، ئامانجمان پەرەپێدانی كێڵگەی حەمرینە بە تەواوی تواناكانی و، كەڵك وەرگرتن لە توانا عیراقییەكان و كارپێكردنی (80%)ی كێڵگەكە، جگە لە پەرەپێدانی كۆمەڵگەی ناوخۆیی لە ناوچەی كاردا."