ئەمریكا لەسەر هێرشە درۆنییەكان هاتە دەنگ

کوردستان

20 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 228

راچڵەكین-

كونسوڵخانەی ئەمریكا لەشاری هەولێر، سەركۆنەی هێرشە درۆنییەكانی ئەم دواییە دەكات كەلە سەرانسەری عیراقدا ئەنجامدراون.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەمووز، كونسوڵخانەی ئەمریكا لەشاری هەولێر لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:"ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەكات لە سەرانسەری عیراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی ١٤ و ١٥ مانگی تەموزیشەوە  بۆ سەر ژێرخانی گرنگی كێڵگە نەوتیەكانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی كوردستانی عیراقدا."

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" پێویستە حكومەتی عیراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بكات بۆ ڕێگریكردن لە میلیشیا و گروپە چەكدارەكانی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناو خۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە كە كۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتیەكان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا كردووە."

كونسوڵخانەی ئەمریكا لەشاری هەولێر دەڵێت:" ئەو ھێرشانە قبوڵكراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عیراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەكانی عیراق بۆ سەرنج ڕاكێشانی وەبەرھێنانی دەرەكی. ھانی حكومەتی عێراق دەدەین لێكۆڵینەوە بكات تا بزانێت كێ لە پەنای ھێرشەكانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بكاتەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن