راچڵەكین -
فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشە درۆنییەكان بۆسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت و بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانیش، لێكۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجام دەدرێت.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوو كێڵگەی نەوتی لە هەرێمی كوردستان دووچاری هێرشی درۆنی بوونەوە، ئەم كارەش هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆسەر بەرژەوەندیی عیراقییەكان و دەستدرێژیكردنە بۆسەر هەوڵەكانی دەوڵەت لە دەستەبەركردنی سەقامگیری و بەرەوپێشبردنی رەوڕەوەی گەشەپێدانی.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سروشتی كارە تاوانكارییەكان و کاتەکەی، ئاماژەیە بۆ بوونی نیازێكی چەپەڵ كە ئامانج لێی تێكەڵكردنی كارتەكان و زیانگەیاندنە بە عیراق و دامەزراوەكانی.
لەبارەی ئەو رووداوانە، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندی هێزە چەكدارەكانی عیراق، فەرمانی بە لایەنە تایبەتمەندەكان كرد لێكۆڵینەوەی خێرا و فراوان دەستپێبكەن بۆ دیاریكردنی ئەو لاینانەی لەپشت هێرشەكانەوەن، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنی توند بۆ سزادانی ئەوانەی تێوەگلاون، بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك.
سەباح نوعمان، جەتی لەوەكردووەتەوە كە حكومەتی عیراق بەهەموو دامەزراوەكانییەوە رێگە بە هیچ هەڕەشەیەك لەدژی بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق نادات و هەموو جۆرە رێكارێكی پێویستیش دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەكانی و بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی، بەشێوەیەك كە رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كارانە بكات و سەروەریی عیراق بپارێزێت و مافەكانی گەلەكەشی بپارێزێت.