لیڤەرپوول یەکەم ئۆفەری گەورە بۆ فرۆشتنی لویز دیاز ڕەتدەکاتەوە

وەرزش

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 147

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

تۆڕی سکای سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، یانەی بایرن میونشن ئۆفەرێکی فەرمی بە نووسراوی پێشکەش بە لیڤەرپوول کردووە بۆ گواستنەوەی لویس دیازی یاریزانی باڵی کۆڵۆمبی کە بەهای 67.5 ملیۆن یۆرۆیە.

بەڵام دەستبەجێ ئیدارەی یانەی لیڤەرپوول ئەو ئۆفەرەی ڕەتکردەوە، یانە باڤارییەکەش بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆفەرێکی نوێ پێشکەش بکات، چونکە دیاز بووەتە ئامانجی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری.

سکای سپۆرت ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکانی نێوان بایرن و دیاز تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر گرێبەستەکە، بەڵام ئەمە ئاستەنگێکی گەورە دروست ناکات.

پێشبینی دەکرێت یاریزانە تەمەن 28 ساڵەکە گرێبەستەکەی تا ساڵی 2029 یان 2030 لەگەڵ بایرن میونشن واژۆ بکات ئەگەر گرێبەستەکە ئەنجام بدرێت.

دیاز لە مانگی یەکی ساڵی 2022 لە یانەی پۆرتۆ بە بڕی 54 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کرد. لەو کاتەوە تا ئێستا لە 148 یاری فەرمیدا 41 گۆڵی تۆمارکردووە و 23 ئەسیستیشی کردووە.

گرێبەستی ئێستای لەگەڵ لیڤەرپوول تا هاوینی 2027 بەردەوام دەبێت، وەرزی ڕابردوو بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا نازناوی پریمەرلیگی بەدەستهێنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن