بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات) پەیامێكی بەپەلە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 272

راچڵەكین -

بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات)، هۆشداریی لە خراپیی دۆخی ناوخۆی هەرێم دەدات و داواش لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات كاری پێكەوەیی بكەن لەپێناو دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات)، ئاماژەی بەوەكردووە كە هەرێمی كوردستان، لەناو قەیرانێكی قوڵی سیاسیی، دامەزراوەیی، ئابوری و داراییدایە، كێشە و گرفت و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێ موچەیی؛ تەنگی بە ژیان و بژێوی خەڵك هەڵچنیوە.

بزوتنەوەكە راشیگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەدا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان و لابردنی بارگرانی ژیانی هاوڵاتیان؛ بانگەوازی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەمو پارت و ڕیكخراوە سیاسییەكان لەناوخۆدا دەكەین، بەشێوەیەك ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی بكرێتە بنەما و، هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان دووربخرێتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی گۆڕاندا چەند خاڵێك خراوەتەڕوو وەك هەنگاوێكی كرداری بۆ دەرچوون لە گێژاوی بێنە و بەرەی بێئەنجام:

1. هەرچی زووە پەرلەمان كارابكرێتەوە، كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێدرێت و دامەزراوە شەرعیەكان چالاك بكرێن.

2. خۆمان بە دور بگرین لە هەر ململانێیەكی سیاسی لەناوچەكە و عێراق، كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بگەیەنێ.

3. لەسەر بنچینەی نیشتمانی و دامەزراوەیی پەیوەندەی نێوان هەرێم و بەغدا ڕێكبخرێتەوە و دەستور بكرێتە بنەمای چارەسەری كێشەی بودجە و پرسی نەوت و گاز.

4.  هەرچی زووە هەوڵی ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی بدرێت، بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتحادی، حكومەتی هەرێم هەمو توانا داراییەكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ دابەشكردنی موچەیەك لە نزیكترین كاتدا.

5. خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە بۆ داواكردنی مافە ڕەواكانیان فشار و خۆپیشاندان بكەن، بەكارهێنانی توندوتیژی و ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەر و خەڵكی سڤیل هێڵی سورە، پێویستە بەشێوەیەكی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتیەكان بكرێت و بكەری شەهیدكردنی ئەو هاوڵاتیەی ناحیەی وەرتێ بدرێتە دادگا.

بزووتنەوەی گۆڕان  هۆشداری ئەوەشیداوە كە "پەرەسەندنی رووداوەكان باشمان پێ ناڵێن، ئەركی لایەنە سیاسییەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە؛ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان بكەین. یەكڕیزیی بۆ داواكردنی ماف و قوتی خەڵكی كوردستان بپارێزین، نەخشەڕێگای چارەسەر بۆ مافە دەستورییەكان بەهەماهەنگی و یەكگرتوویی یەكتر دابڕێژین، بۆ هەر ئەگەر و مەترسییەك؛ بڕیاری سیاسیی یەكلاكەرەوە و چارەنوسساز پێكەوە بدەین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن