راچڵەكین -
بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرما بەتینەی كە بەشی زۆری ناوچەكانی ئێرانی گرتووەتەوە و بەمەبەستی كەم بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزە، لە تارانی پایتەخت و 17 پارێزگای دیكەی ئەو وڵاتە پشووی فەرمی راگەیەندرا.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، بەهۆی گەرما و لەپێناو كەم بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزە، بڕیاردرا لە سەبەینێوە چوارشەممە 23-7-2025، پشووی فەرمی لە تاران و 17 پارێزگای دیكەی ئەو وڵاتە بكرێتە پشووی فەرمی و دەوام رابگیرێت.
ئەو پارێزگایانەی كە پشووەكە دەیانگرێتەوە، بریتین لە پارێزگاكانی گەیلان، فارس، مەركەزی، خوراسانی ڕەزەوی، گولستان، ئەلبورز، مازەندران، كرمان، بووشەهر، هورموزگان، خوزستان، لوڕستان، خوراسانی باكوور، خوراسانی باشوور، یەزد، كرماشان و قەزوین.
بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرمایەی رووی لە ئێران كردووە، لەهەندێ ناوچە پلەكانی گەرما گەیشتووەتە نزیكەی 50 پلەی سیلیزی، ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەو وڵاتە تووشی قەیرانێكی سەختی كەمئاوی بووەتەوەو پێدانی كاتژمێرەكانی كارەباش بە هاووڵاتیان كەم بووەتەوە.