وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر تەرخانكردنی زەوی بۆ پێشمەرگە روونكردنەوە دەدات

کوردستان

24/07/2025     ژمارەی بینراو 580

راچڵەكین-

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی بڵاوكردنەوەی لیستی ناوی ئەو ئەفسەرو پێشمەرگانەی ناویان بۆ پێدانی زەوی دەردەچێت، رایگەیاندووە:" ڕاستی و دروستی لیستی دەرچووەكان لە پەیجی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاودەكرێتەوە لەكاتی خۆیدا. هیچ سەرچاوەیەكی تر باوەڕپێكراو نییە كە لە سۆشیال میدیا بڵاودەكرێتەوە."

ئەمڕۆ ٢٤ی تەموزی ٢٠٢٥، كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكایەتی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجام درا بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێكارەكانی تەرخانكردنی زەوی بۆ 
بۆ ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی وەزارەت و فەرماندەیی هێزەكانی (70 و 80) كە بەهۆی خزمەتەوە شایستە بوون بۆ وەرگرتنی زەوی.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردووەتەوە، لە پەراوێزی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئەم ڕوونكردنەوەیە دەخەینەڕوو كە پێویستە تەواوی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەكانمان پێوەی پابەند بن:

١- پاش هەوڵەكانی تیمی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جەختكردنەوە لە شایستەبوونی زۆرینەی برا پێشمەرگەكان بە وەرگرتن و دیاریكردنی سنوری جوگرافی بۆ ئەو زەویانەی كە پێیان دەدرێت بە شێوەیەك بێت تا ڕادەیەك دادپەروەری سودمەندیان رەچاو بكرێت.
٢- ئەو لیستانەی بڵاو كراوەنەتەوە ڕەزامـەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە بۆ تەرخانكردنی پارچە زەوی، مەرج نییە هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەك كە ڕەزامەندی هەبێت زەوی پێبدرێت لەبەر ئەوەی لە دوای فلتەركردن و وردبینی كردن لە لیستەكان تایبەت بەو ناوانەی كە پێشتر سوودمەند بون ناوەكانیان دەردەكرێت و مافی وەرگرتنی زەویان نییە.
٣- لەكاتی پڕكردنەوەی فۆرم لە لایەن فەرمانگەی یاسایی (بەڵێننامە) دراوە لەلایـەن خودی كەسەكە كە پێشتر سوودمەند نەبووە، لەو حاڵەتەدا هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەك گەر بەڵێننامەی دابێت و لەهەمان كاتدا پێشتر سوودمەند بووبێت لێپێچینەوەی یاسایی و كارگێری و دارایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی ناوی سوودمەند بووان كە لە وەزارەتی شارەوانی ووردبینی كراوە دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆیە دەرفەتێك دەدرێت بەو ناوانەی كە پێشتر سودمەند بوون بە شێوەیەكی فـەرمی لە لایەن یەكەكانیانەوە بە لیست وەزارەتی پێشمەرگە / سەرۆكایەتی ئەركان / دائیرەی ئیدارە و میرە ئاگادار بكەنەوە  بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی و كارگێری و دارایی نەبنەوە.
٤- ڕێكاری كارگێری بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكانی تەرخانكردنی پارچە زەوی بۆ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بەمەبەستی رێكخستنی لیستەكان بە پێی خاڵبەندی و سنوری جوگرافی و وردبینی كۆتایی لە وەزارەتی شارەوانی ماوەیەكی پێویستە تاكو لیستی كۆتایی رادەگەینرێت، بۆیە داوا لە تەواوی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین كە سەردانكردن و فشاركردن بۆ سەر لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكایەتی شارەوانیەكان و لیژنەی زەوی لە وەزارەتمان ئەنجام نەدەن تا ئەو كاتەی لیستی كۆتایی بە گشتی رادەگەینرێت.
٥- هەماهەنگی تەواو كراوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی كە هیچ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەك ئەگەر مەرجەكانی وەرگرتنی پارچە زەوی بیگرێتەوە ئەوا مافی نافەوتێت.
٦- بەمەبەستی ڕاستكردنەوە، رێكخستنی داتا و زانیاری تایبەت بە لیستەكانی ئامادەكراو بۆ وەرگرتنی زەوی بەرپرسی ئیداری یەكەكان كاری پێویست ئەنجام دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ دائیرەی ئیدارە و میرە و لیژنەی زەوی وەزارەتمان بۆ ئەو مەبەستە.

وەزارەتی پێشمەرگە لەكۆتایی راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە:"بۆ ئاگاداری هەموو لایەك، ڕاستی و دروستی لیستی دەرچووەكان لە پەیجی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاودەكرێتەوە لەكاتی خۆیدا. هیچ سەرچاوەیەكی تر باوەڕپێكراو نییە كە لە سۆشیال میدیا بڵاودەكرێتەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن