راچڵەكین -
فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لە رووداوی هەڵكوتانە چەكدارییەكەی سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی ناوچەی كەرخ-ی بەغدا بڵاودەكاتەوە و بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی هەردوو لیوای 45 و 46ی حەشدی شەعبی كە هێرشە چەكدارییەكەیان ئەنجامدابوو، لە پۆستەكانیان لادەبرێن.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە 9-8-2025 بڵاویكردەوە، ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە هێرشە چەكدارییەكەی سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی كەرخ بڵاوكردەوە، كە رۆژی 27ی مانگی رابردوو لەلایەن ژمارەیەك چەكداری سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجامدرا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە ئەو چەكدارانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە، سەر بە هەردوو لیوای 45 و 46ی حەشدی شەعبین و بەپێچەوانەی رێكارە سەربازییەكان و بەبێ هیچ فەرمانێك، چەكیان بەرامبەر هێزە ئەمنییەكان بەكارهێناوەو ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە.
سەباح نوعمان ئاشكرایكردووە، بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، دەركەوتووە بەڕێوەبەری لەسەركارلادراوی كشتوكاڵی كەرخ بەناوی ئەیاد كازم عەلی، لە رووداوەكاندا تێوەگلاوە بە هەماهەنگیكردنی پێشوەخت بۆ هێنانی هێەكەی حەشدی شەعبی، سەرباری تێوەگلانی لە تاوانی گەندەڵی كارگێڕی و ساختەكردنی بەڵگەنامەی فەرمی و بڕوانامە، هەروەها بەشداریكردنی لە ساختەكردنی گرێبەستەكان.
هەر بە گوێرەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، هەندێ لە پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی پابەندی دیسپلینەكان و جووڵە سەربازییەكان نابن، لەسەر ئەو بنەمایەش محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق راسپاردەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەسەندكرد بۆ دوورخستنەوەی هەردوو ئامر لیوای 45 و 46ی حەشدی شەعبی لە پۆستەكانیان و هەموو ئەو كەسانەی لە رووداوەكە تێوەگلاون، دەدرێنە دادگا، هەروەها لیژنەی لێكۆلینەوە لەسەر فەرماندەی پرۆسەكانی حەزیرەی سەر بە حەشدی شەعبی پێكدەهێنرێت بەهۆی كەمتەرخەمی لە ئەركەكانی.