راچڵەكین -
عیراق و توركیا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی گومرگی دەدەن و كار دەكەن بۆ بەرزكردنەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئەوەی بگاتە 30 ملیار دۆلار.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، شاندێكی حكومەتی عیراق، بە سەرۆكایەتی سامی عەبدولحوسێن ڕازی سودانی، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری گەیاندن و گومرگ، سەردانی توركیای كرد و لە ئەنكەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە، لەگەڵ سەزایی ئوچارماك، جێگری وەزیری بازرگانی توركیا، كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای گومرگی عیراق و توركیا بەڕێوەچوو، كۆمیتەیەكی هاوبەشی گومرگی لەنێوان هەردوو وڵات پێكهێنرا بەمەبەستی هاوكاریی زیاتر لە بوارەكانی بازرگانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بازرگانی توركیا، لە كۆبوونەوەكەدا هاریكارییەكان لە بوارەكانی بازرگانی و ئابووری لەنێوان عیراق و توركیا و هەروەها گەشەپێدانی هاوكارییەكان لە بواری گومرگی گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
نوێنەرانی هەردوو وڵات لە كۆبوونەوەكەدا جەختیان لە كاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە قەبارەی بازرگانی 30 ملیار دۆلار كە وەك ئامانجێكی بازرگانی لە نێوان عێراق و توركیا دیاری كراوە، كردووەتەوە و لەبارەی پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هەروەها بەهێزكردنی كاری بازرگانی لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان گفتوگۆیان كردووە.