راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق و وەزیری وزەی سووریا پرسی دووبارە بەكارهێنانی هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی كەركوك - بانیاس تاووتوێ دەكەن و لەسەر ئەو بابەتەش لیژنەیەكی هاوبەشی تەكنیكی پێكدەهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-8-2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە بەغدا پێشوازیكرد لە محەمەد ئەلبەشیر، وەزیری وزەی سووریا.
نوسینەی راگەیاندین راگەیاندنی سودانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای گفتوگۆكردن لەبارەی ئاسۆی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پتەوكردنی لەسەرجەم بوارەكاندا، پرسی دووبارە بەكارهێنانی هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی نێوان كەركوك - بانیاس، تاووتوێكرا.
هەردوولا رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی تەكنیكیی هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی هێڵەكە و چۆنیەتی خستنەوەكاری، بەو پێیەی یەكێكە لەو هێڵانەی كە حكومەتی عیراق پلانی هەیە سودی لێوەربگرێت لەچوارچێوەی زیادكردنی دەروازەكانی هەناردەكردنی نەوت.
هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی نێوان كەركوك - بانیاس، كە لەساڵی 1952 بنیاتنراوە، درێژییەكەی 800 كیلۆمەترە و رۆژانە توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی كەركوكی هەبوو بۆ بەندەری بانیاس لە رۆژئاوای سووریا، بەڵام ماوەی 22 ساڵە ئەو هێڵە لەكاركەوتووەو هیچ بڕە نەوتێكی پێدا ناگوازرێتەوە.