46 ساڵ بەسەر شەهیدكردنی "بووكی كوردستان"و هاوڕێكانیدا تێدەپەڕێت

ڕاپۆرت

12/05/2020     ژمارەی بینراو 1029

راچڵەكین-

ئەمڕۆ 12ی ئایاری 2020، 46 ساڵ بەسەر شەهیدكردنی لەیلا قاسم- ژنە تێكۆشەری كورد و چوار هاوڕێیدا لەلایەن رژێمی بەعسی ڕووخاو تێدەپەڕێت.

لەیلا قاسم كە بە "بووكی كوردستان" ناسراوە، لەگەل چوار هاوزانكۆیی بەناوەكانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لەكاتكۆ 7:00ی بەیانی 12ی ئایاری 1974 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارە دران.

لەیلا قاسم كێیە؟

 

لەیلا قاسم

لەیلا قاسم ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە پارێزگای دیالە لەدایكبووە. باوكی لەیلا كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوتگەی نەوتی ئەڵوەن بوو. دوای خانەنشین بوونی باوكی لە ساڵی ١٩٧١ ماڵیان گواستوەتەوە بۆ بەغدا. لە هەمان ساڵدا لەیلا لە بەشی كۆمەڵناسیی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە و بووەتە خوێندكار. لە ساڵی ١٩٧٠ وە، لە ڕێگەی سەلام قاسم-ی برایەوە، پەیوەندی بە ڕیزەكانی بزاوتی ڕزگاریخوازی كوردستانی ئەو سەردەمەوە دەكات. 

دەستگیركردنی لەیلا قاسم و هاوڕێكانی 


دوای تێكچوونی دانووستانەكانی ئەو كاتەی بزاوتی ڕزگاریخوازی كوردی لەگەڵ ڕژێمی بەعس لە ئازاری ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەكانی ڕێژیمی بەعس، كەوتنە چاودێرییكردنی ئەو گەنجانەی كە لە ناو شارەكان مانەوە و لەگەڵ خەڵكی كوردستان ڕوویان لە سنوورەكانی ئێران و توركیا نەكرد.

 دوای ماوەیەكی كەم و لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٧٤ ، لەیلا قاسم لەگەل چوار هاوزانكۆیی بەناوەكانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) كە هەركامیان خەڵكی شارێكی باشووری كوردستان بوون، لە هێرشێكی ھێزەكانی ڕژێمی بەعس لە بەغدا دەستگیر كران.

 

ڕۆژنامەی "سەورە"ی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعس و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی وەك تێكدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو كرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشكەنجەیەكیشیان بچووكترین كردەوەشیان لەسەر ئاشكرا نەبوو.

لەیلا قاسم كچێكی چاونەترس و زیرەك بوو؛ وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باكانە ڕایگەیاندبوو: "بە كوشتنی من ھەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم كە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری كوردستاندا دەكەم." 

لەسێدارەدانی لەیلا قاسم 

ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتكۆ ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 12ی ئایاری 2019 لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران.

 سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەك دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە كوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە كە وێنەی لەیلای خوشكی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی كورد لە دەرەوەی وڵات. دایك و باوكی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە كۆست و خەمێكی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و كۆچی دواییان كردووە.  

"بووكی كوردستان"

سەبیحەی خوشكی لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكاندا دەگێڕێتەوە : "پێش لە سێدارەدانیان، من و دایكم دوو جار چووینە سەردانی .. جاری یەكەم لەیلا داوای جلوبەرگە كوردییە تازەكانی خۆی كرد بۆی ببەین، پێموت جله كوردییەكانت بۆچییه؟ لە وەڵامدا بە زەردەخەنەیەكەوە وتی "من دوای چەند ڕۆژێكی تر دەبمه بووكی كوردسـتان ... خاكی كوردسـتان پێشوازیـم لێدەكات.. دەمەوێت بە‌وپەڕی جوانییەوە خاكەكەم لە باوەشم بگرێت."

ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، لە میدیا جیهانییەكانی ئەوكات بڵاوكرایەوەو لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، وەكو لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراق لە میدیاكان بڵاوكرایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن