راچڵەكین -
سەرۆكی ئۆكراینا رایدەگەیەنێت، كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە جەنگ لەگەڵ رووسیا بێت، داواش لە دۆناڵد ترەمپ دەكات لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ ناچاركردنی سەرۆكی رووسیا بە رێككەوتنی ئاگربەست.
ئەمڕۆ هەینی 15-8-2025، ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردەوە، خواستی خۆی بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان وڵاتەكەی و رووسیا نیشانداوەو نووسیویەتی: ئێستا كاتی ئەوە هاتووە جەنگەكە رابگیرێت و ئاشتی بەرقەرار بكرێت.
سەرۆكی ئۆكراینا داواشی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كردووە، لەمیانی كۆبوونەوەی لوتكەی ئەمڕۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا، كە بڕیارە ئەمشەو لە ویلایەتی ئالاسكای ئەمریكا بەڕێوەبچێت، هەوڵەكانی بخاتەگەڕ لەپێناو راگرتنی شەڕ و ناچاركردنی پوتین بە رێككەوتنی ئاشتی.
زێلینسكی ئاماژەی بەوەشكردووە، لوتكەی ئالاسكای نێوان ترەمپ و پوتین، رێگا بەرەو ئاشتییەكی دادپەروەرانە خۆشدەكات و ئەگەری هەیە دواتر گفتوگۆی سێ قۆڵیی لەنێوان واشنتۆن و مۆسكۆ و كیێڤ لێبكەوێتەوە.